بەهۆی نزیكبوونەوەی گەردەلوولی دۆلفین، دەسەڵاتدارانی چین زیاتر لە هەزار و 300 گەشتی ئاسمانییان لە شاری شەنگهای هەڵوەشاندەوە و نزیكەی 400 هەزار كەسیشیان لە ناوچە مەترسیدارەكان گواستەوە بۆ شوێنە ئارامەكان.

لێپرسراوانی كەشناسی چین رایگەیاند ئەم گەردەلوولە كە بە دۆلفین ناسراوە و پێشتر باكوری تایوانی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی بارانبارینی زۆر و خێرایی با تێیدا دەگاتە 162 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.

بەپێی زانیارییەكانی كەشناسی، پێشبینی دەكرێت لە سەعاتەكانی كۆتایی ئەمرۆ یەكشەممەدا گەردەلوولەكە بگاتە پارێزگاكانی تری وڵاتەكە. 

دەسەڵاتدارانی شەنگهای لە راگەیاندراوێكدا جەختیان كردەوە، زیاتر لە هەزار و 300 گەشتی ئاسمانییان لە هەردوو فڕۆكەخانەی شارەكەیان راگرتووە، هاوكات سەرجەم چالاكییە دەریاییەكان و گەشتی كەشتییەكان لە كەناراوەكاندا وەستێنراون، نزیكەی 390 هەزار كەس لە ناوچە كەنارییەكان گوازراونەتەوە و لە شەنگهاییش زیاتر لە 30 هەزار كەس بەهۆی مەترسیی لافاو و داڕمانی زەوییەوە شوێنەكانیان جێ هێشتووە.