بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا لەگەڵ کەسوکارمان دەوەستین و یادی هەموو ئەو ئازیزانەمان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی و یادەوەرییان بەرز رادەگرین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، داگیرکردنی شەنگال و کۆمەڵکوژیی خوشک و برا ئێزدییەکان زامێکی لەبیرنەکراوە و هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا لەگەڵ کەسوکارمان دەوەستین و یادی هەموو ئەو ئازیزانەمان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی و یادەوەرییان بەرز رادەگرین.

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و دەوروبەری و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە ئاستی ئەو زامە قوڵەی ئێزدییەکان نییە. هیوادارین ئەم ساڵیادە هاندەری هەموو لایەک بێت بۆ یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان تاوەکو لە ئاست دڕندەیی ئەم تاوانەدا، ئاوڕی جدیتر لەو ناوچەیە و خەڵکەکەی بدرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام لە خەمی شەنگالدایە تاوەکو لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەو تاوانە و ببینە هیوا بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆیان.