فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" ئاشکرایکرد، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی رابردووەوە، هێزەکانیان بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا و کۆمەڵێک رێکاری مەیدانییان دژی جووڵەی دەریاوانیی پەیوەندیدار بەو وڵاتەوە گرتووەتەبەر.

سێنتکۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تا 2ی ئاب، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوی 35 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، جگه لە پەکخستنی دوو کەشتی و پشکنینی دوو کەشتیی دیکە بۆ پێداچوونەوە لە پابەندبوونی تەواویان بە رێکارەکانی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران.

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ دیاریکردنی رێڕەوی دیاریکراو بۆ جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمزدا، جەختیشی لەوە کردەوە کە گەرووەکە رێڕەوێکی ئاوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییە.