حکومەتی عیراق رەشنووسی کۆتایی بەرنامەی حکومەتی تاوتوێ کرد
سەوسەن سەید
١ی ئابی ٢٠٢٦
عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ شەممە، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە مەبەستی پێداچوونەوە و پەسەندکردنی شێوازی کۆتایی بەرنامەی کارنامەی حکومەت.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە راوێژکارە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوو، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ تەوەر و کارە لەپێشینەکانی بەرنامەکە کرا، هاوکات تاوتوێی تێبینییە کۆتاییەکان کرا بە ئامانجی یەکخستنی دیدگا و ئامانجەکان، وەک ئامادەکارییەک بۆ پەسەندکردنی کۆتایی و ئاراستەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی پێداگیریی حکومەتە لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەکەی، بەدیهێنانی چاکسازییەکان، خێراکردنی رەوتی گەشەپێدان، و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێن.


