فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بەرزترین ئاستی حاڵەتی ئامادەباشی لە سەربازگە و بنكەكان راگەیاند
بڵند
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەستەی فەرماندەییی هێزە چەکدارەکانی عیراق زنجیرەیەک بڕیار و رێنمایی نوێی لەبارەی رەوشی ئەمنی و سەربازیی وڵات دەرکرد.
سەباح ئەلنەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاڕاستەی کردووە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگادارکردنەوە (ئامادەباشی) و ئامادەیی تەواو لە سەربازگە و بنکە سەربازییەکاندا.
هاوکات جەختی لەسەر جێبەجێکردنی پلانی هەواڵگریی پێشوەختە کردووەتەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ ئامانجگرتن یان بەزاندنی سنوورەکان.
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە دا، دەبێت پەلەبکرێت لە دابینکردن و پڕچەککردنی تایبەت بە سیستەمەکانی رادار ودۆزینەوەی پێشوەختە و بەرگریی ئاسمانی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکردوە، پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ بە تەواوی ئەرک و بەرپرسیارێتیی تایبەتی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی دەوڵەتە.
ناوبراو جەختیشیکردوەتەوە، هەندێک لایەنی دەرەکی هەوڵدەدەن خاک و ئاسمانی عیراق بخەنە ناو هاوکێشە و حیساباتی ململانێکانەوە، بەڵام سیستەمە سەربازی و ئەمنییەکانی عیراق بە بەرزترین ئاستی رێخراوەی و ئامادەیییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا دەکەن.


