سعودیە رونکردنەوە لەسەر هێرشەکانی عیراق دەدات
یەحیا
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٦
سعودیە رونكردنەوە لەسەر ئەو هێرشانە دەدات كە هەفتەی رابردوو بە هاوبەشی ئەمریكا كردیە سەر پێگەكانی حەشدی شەعبی لە عیراق و دەڵێت، ماوەیەكی زۆرە دانیان بەخۆیاندا گرتووە.
سەرچاوەیەكی باڵای سعودییە بە كەناڵی ئەخبارییەی سەر بە حكومەتی سعودی راگەیاندووە، ریاز پەرۆشی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ حكومەت و گەلی عیراق و ئەو هێرشە ئاسمانییەش كە ئەنجامیداوە ئاڕاستەی گەل یان حكومەتی عیراق نەكراوە.
دەشڵێت، هێرشە ئاسمانییەكە تواناكانی ئەو گروپەی كردووەتە ئامانج، كە هۆكار بوون بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی شانشینەكە و بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییە گرنگەكانیی.
دووپاتیشیكردووەتەوە، هێرشە ئاسمانییەكە وەك وەڵامێكی ورد و سنووردار بووە و دوای بەكارهێنانی تەواوی رێكارە دیپلۆماسی و سیاسییەكان و دانبەخۆداگرتنی بێئەندازە لە مانگەكانی ڕابردوودا هاتووە.
بەوتەی سەرچاوە باڵاكەی سعودیە، گروپە چەكدارییەكان زیان بە بەرژەوەندییەكانی عیراق و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا دەگەیەنن و خاك و تواناكانی دەكەنە ئامرازێك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر وڵاتانی هاوسێی.
پێشتر سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، هێرشەكەی سعودیەی بە پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتەكەی ناوبرد و داوای بەڵگەی ئەمنی لە ریاز كرد.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سعودیە و ئەمریكا هێرشێكی ئاسمانی هاوبەشیان كردە سەر سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگای عیراق و بەهۆیەوە زیاتر لە 20 چەكدار كوژران.


