دەستەی دەستپاکی عیراق دەستبەسەرداگرتنی دوو ملیار و نیو دینار لە ماڵی بەرپرسێکی سەلاحەدین راگەیاند
سەوسەن سەید
٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەستەی دەستپاکی بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناری لە ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاری لە پارێزگای سەلاحەدین دەستبەسەردا گرت، هاوکات شەش موڵکی وەبەرهێنانیشی ئاشکرا کرد کە لەسەر ناوی هاوسەری تۆمەتبارەکە تۆمارکراون.
دەستەی دەستپاکی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کە تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەلاحەددین، بە گوێرەی فەرمانی دادوەر، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاری لە پارێزگای سەلاحەددین (کە لە ئێستادا دەستبەسەرە) و توانیویانە بڕی(2،500،000) دوو ملیار ونیو ملیۆن دینار بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن.
دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی هەمان ئۆپراسیۆندا زانیاری لەسەر شەش موڵک لە کۆمەڵگە وەبەرهێنانەکاندا ئاشکرا کراوە، کە بە ناوی هاوسەری تۆمەتبارەکەوە تۆمارکراون.
دەستەکە ئەوەشی روونکردەوە، تۆمەتبارەکە لە ئێستادا بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە، لەسەر کەیسێکی گەندەڵی کە تایبەتە بە نوسین و خەرجکردنی چکێکی راکێشراو لە بەنکی رافیدەین، بە پاساوی خەرجکردنی شایستە داراییەکان و جیاوازیی موچەی فەرمانبەرانی پارێزگا، لە کاتێکدا مامەڵەی خەرجکردنەکە وەصڵی پووچەڵی تێدا بەکارهێنراوە.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە، تیمی لێکۆڵینەوەکە پەڕاوی دەستبەسەرداگرتنی ئۆصولییان بۆ پارە و کەلوپەلە دۆزراوەکان رێکخستووە و رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندیان کردووە تا رێکارە یاساییە پێویستەکانی بەرانبەر بگرێتە بەر.



