عەلی زەیدی جەختی کردەوە عیراق و تورکیا خاوەنی دەرفەتێکی مێژوویین بۆ بنیاتنانی گرنگترین شەراکەتی ئابووری لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک کە ئیدارەدانی ئاو، ئاسایش و سنوورەکان بگوێزرێنەوە بۆ قۆناغی تەواوکاریی راستەقینە.
سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە عیراق و تورکیا رووبەرێکی بەربلاویان هەیە بۆ خاوەنی گرنگترین شەراکەتی ئابووری لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە عیراق رێگەی سەقامگیری، چاکسازی و گەشەپێدانی هەڵبژاردووە، و کارنامەکەی لەسەر بنەمای بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز و دەوڵەتێکی کارا داڕشتووە.

 جەختیشی کردەوە: پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەنها گواستنەوەی کەلوپەل نیە، بەڵکو ناوچەکە بە بازاڕە جیهانییەکانەوە دەبەستێتەوە و ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نوێ پێناسە دەکاتەوە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئاو، سەرۆک وەزیران روونی کردەوە کە ئاو بووەتە پرسێکی گەشەپێدان و داوای ئیدارەدانێکی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا کرد لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دووقۆڵی و تەکنەلۆژیای نوێ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئاسایشی هەردوو وڵات بەندە بە هاوکاریی هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەریی خاک، و ئاماژەی بەوە کرد کە سەقامگیریی ناوچەکە بە ململانێ نایەتە دی، بەڵکو بە پڕۆژە و شەراکەتی ئابووریی هاوبەش دەستەبەر دەکرێت.