وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەر بەنکەکان و ئاسانکاری لە سیستەمی سزاکاندا، 84 کەس و دامەزراوەی لە "لیستی رەش" سڕییەوە کە ناوی پەیوەندیدار بە عیراقیان تێدایە، ئەمەش وەک بەشێک لە مراجەعەیەکی گشتگیر کە لەلایەن سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەوە جێبەجێ دەکرێت.
 لەمای رابردوودا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستی کرد بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ بەرنامە و لیستەکانی سزاکانی سەر بە وەزارەتەکەی، بە مەبەستی لادانی ئەو ناوانەی بەسەرچوون و کەمکردنەوەی باری پابەندبوون لەسەر دامەزراوە داراییەکان. دواتریش رایگەیاند کە لە قۆناغی یەکەمی پێداچوونەوەکەدا 78 ئامانج سڕدراونەتەوە.

بەرپرسێک لە وەزارەتی گەنجینە رایگەیاند: ئامانج لەم هەنگاوە دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە سزاکانی وەزارەت بە کاریگەری، وردی و سەرنجڕاکێشی بپێزرێن، هەروەها لادانی زێدەڕۆییە نا پێویستەکانی ئیدارەکانی پێشوو.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی ناوە تۆمارکراوەکان لە لیستەکانی سزادا لە ساڵی 2024دا گەیشتبووە زیاتر لە 3,000 ناو، لە بەرانبەردا لە ساڵی 2017دا تەنها 880 ناو بووە، و وتیشی: سزاکان بۆ ئەوە دروست نەکراون کە ببنە ئامرازێکی هەمیشەیی.

بێسێنت چەندین جار ئامادەیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی دووپاتکردەوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دوو گەورەترین کۆمپانیای نەوتی رووسیادا (رۆسنەفت و لوک ئۆیل)، کە ئەو هەنگاوە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشوو خۆی لێ دەپاراست لە ترسی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت.

قۆناغی دووەمی سڕینەوەکان لە "لیستی هاوڵاتیانی تایبەت دیاریکراو و کەسانی قەدەغەکراو" (SDN) پێکدێت لە 36 کەسی کۆچکردوو و تۆمارە پەیوەندیدارەکانیان، 33 دامەزراوەی پەیوەندیدار بە عیراق کە بۆ یەکەمجار لە ساڵانی 1991 یاخود 1992دا تۆمارکرابوون، حەوت ئامانجی بەسەرچوو کە پەیوەندییان بە قاچاغچێتی دەرمان لە کۆڵۆمبیا هەبوو، و هەشت ناوی بارزگانی ماددە هۆشبەرەکان کە چالاکییەکانیان پەکخراوە.

هاوکات، نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە دەرەکییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینە زانیارییەکانی 22 کەس و دامەزراوەی نوێکردەوە بە مەبەستی زیاکردن یان روونکردنەوەی زانیارییە ناسنامەیییە سەرەکییەکان.

وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر سڕینەوەیەک لە لیستەکەدا دوای پێداچوونەوەی ئاژانسەکانی تر ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی زیان بۆ سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا یان بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەگەری سەرلەنوێ تۆمارکردنەوەی ناوەکان لە کاتی پێویستدا.