ناتانیاهۆ بە زانیاری هەستیارەوە دەچێتە واشنتۆن و زانیاری هەواڵگریی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران رادەستی کۆشکی سپی دەکات.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی دیدارێک لەگەڵ دونالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەرەو واشنتۆن بەڕێکەوت، بەپێی زانیارییەکانی راگەیاندنەکانی ئیسرائیلیش، ناتانیاهۆ زانیاریی هەواڵگریی هەستیار لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە رادەستی کۆشکی سپی دەکات.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ لە هەشتەمین دیداری خۆیدا لەگەڵ ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، زانیاریی زۆر نوێ و هەستیاری هەواڵگری لەبارەی پێشچوونەکانی ئێران بەرەو بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەخاتەڕوو، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر ناوەڕۆکی زانیارییەکان ئاشکرا بکرێت.

هەمان سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم سەردانەیدا دژایەتیی خۆی بۆ داواکارییەکەی ئەمریکا دەردەبرێت کە داوای لێکردوون لە خاکی لوبنان و سوریا بکشێنەوە. لە بەرانبەریشدا، ناتانیاهۆ داوایەک ئاڕاستەی ترەمپ دەکات بۆ راگرتن و فڕۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی لە جۆری "F-35" بە تورکیا.

پێش بەڕێکەوتنی بۆ واشنتۆن لە ئەمڕۆ، بنیامین ناتانیاهۆ جەختی کردەوە کە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی تەواوی پرسە هەنووکەیییەکان دەکات و لە سەرووی هەموویانەوە پرسی ئێران دەبێت.

ناتانیاهۆ رایگەیاند: "ئامانجمان پاراستنی ئاسایشمان و فراوانکردنی بازنەی ئاشتییە لە دەوروبەرمان"، هەروەها جەختی لەوەشکردەوە، ئەرکەکەی لە واشنتۆن تەنها یەک ئامانجی روونی هەیە، ئەویش "دەستەبەرکردنی ئاسایش، بەهێزی و داهاتووی ئیسرائیلە".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەم کۆبوونەوەیەی لەگەڵ ترەمپ بە "بەرپرسیارێتییەکی قورس" وەسف کرد و ئەوەشی خستەڕوو، لەم ساتەوەختە سەختانەدا دەبێت بە "ئیرادەیەکی بەهێز و داناییەکی زۆرەوە" ئاراستەی روداوەکان بکرێت.