دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی خۆناساندن وەک فەرمانبەری ئەنجومەنی باڵای دادوەری
سەوسەن سەید
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەف دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند کە بە ناوی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لێژنەی دژە گەندەڵییەوە باج و سەرانەی لە بەرپرسانی پارێزگاکە وەرگرتوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ دووشەممە، دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە خۆی وەک فەرمانبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لێژنەی ناوەندیی دژە گەندەڵی ناساندبوو.
لە راگەیەندراوێکی ئەنجومەنەکەدا هاتوو لە: دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەف دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە بە مەبەستی بڕینەوەی پارە و سەرانەسەندنی دارایی (سەپاندنی باج و هەڕەشە) لە بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانوبەرەی پارێزگای نەجەفی، خۆی وەک فەرمانبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لێژنەی ناوەندیی دژە گەندەڵی لە سەرۆکایەتی وەزیران ناساندبوو.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: تۆمەتبارەکە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانوبەرەوە کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کۆبوونەوەدایە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە مەبەستی ئیمزاکردنی بڕیارنامەکان، و ناوی بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانوبەرە لەناو لیستی فەرمانی دەستگیرکردندایە، هەروەها دەتوانێت ئەو رێکارانە لەبەرانبەر بڕێک پارەدا هەڵبوەشێنێتەوە، و روونیشیکردووەتەوە: تۆمەتبارەکە پێشتریش سەرانەی لە بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نەجەفی ئەشرەف و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکەش سەندبوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو کە: دادگا رێکارە یاساییە پێویستەکانی گرتووەتە بەر و بەڵگەکانی کۆکردووەتەوە و توانیویەتی تۆمەتبارەکە دەستگیر بکات، هەروەها وتەکانی بە شێوەی دادوەری تۆمار کراون بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ دادگای تایبەتمەند تاوەکو بەپێی یاسا دادگایی بکرێت.



