وەزارەتی بەرگریی سعودیە تێکشکاندنی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی راگەیاند کە لە خاکی عیراقەوە ئاراستە کرابوون.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: ئەو درۆنانە هەوڵیانداوە دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و ریاز بکەنە ئامانج، و باسی لەوەش کردووە: هەوڵە تیرۆریستییەکان لە خاکی عیراقەوە دەستیان پێکردووە و لەلایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دراون.

جەختیشی کردووەتەوە: مافی سعودیە لە بەرگریکردن لە خۆی و پاراستنی مافی وەڵامدانەوە لە کات و شوێنی گونجاودا.

وەزارەتەکە سەرکۆنەی دەستدرێژییەکان بەو درۆنانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عیراقەوە هەڵدراون کرد و ئاماژەی بە سووربوونی سعودیە دا لەسەر رێگریکردن لە دەستدرێژیکاران، هەروەها جەختی کردەوە: لەسەر پێویستی گرتنەبەری تەواوی رێکارە پێویستەکان لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ دەستەبەرکردنی رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک دەسپێکێک بۆ دەستدرێژی.