دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عیراق، دەستبەسەرداگرتنی 27 ملیار دیناری شاردرابوو لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوتدا راگەیاند، جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تێوەگلاوان بەردەوامن.

زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستبەسەرداگرتنی بڕی 27 ملیار دیناری عیراقی راگەیاند، ئەمەش لەسەر پاشخانی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ ئەرکەکانی پاڵاوتن و لایەنە تێوەگلاوەکانی تر لەگەڵیدا.

دادوەرەکە روونی کردەوە کە ئەم ئۆپراسیۆنە لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بووە بۆ دەستبەسرداگرتنی ئەو داهاتە داراییانەی کە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەو پڕۆژانەدا دروستبوون کە لەلایەن تۆمەتبار و لایەنەکانی تری دۆسیەکەوە جێبەجێ کراون.

جەختیشی کردەوە کە بڕە پارە دەستبەسەرداگیراوەکە لەلای ژمارەیەک کەسی پەیوەندیدار بە دۆسیەکەوە شاردرابووەوە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان بە چڕی بەردەوامن بۆ گەیشتن بە سەرجەم تێوەگلاوان.