پەرلەمانی عێراق کۆتایی بە خوێندنەوەی یەکەمی چەندین پڕۆژەیاسا هێنا
سەوسەن سەید
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆ شەممەیدا، دەستی بە رێکارەکانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەیاسا و هەموارکردنەوەی یاسایی گرنگ کرد و دواتریش دانیشتنەکەی بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەڵگرت.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە دانیشتنەکەدا بەڕێوەچوونی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی دارایی 2012، 2013 و 2014 بەئەنجام گەیەندرا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پەرلەمان هاوکات کۆتایی بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پێشنیازەیاسایەک هێنا، لەوانە:
هەموارکردنی یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (ژمارە 28ی ساڵی 2012).
هەموارکردنی دووەمی یاسای سندوقی قەرزی ئاسانکاریی کشتوکاڵی (ژمارە 28ی ساڵی 2009).
هەموارکردنی یەکەمی یاسای دادنووسان (ژمارە 33ی ساڵی 1998).
هەموارکردنی یەکەمی یاسای کار (ژمارە 37ی ساڵی 2015).
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری دا کۆبوونەوەکانی بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو هەڵبگرێت.



