وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق رایگەیاند، میکانیزمی پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردوە بە گوێرەی ساڵنامەی کشتوکاڵی 33 جۆر بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغەیە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەی کشتوکاڵی عیراق  رایگەیاند پاراستنی بەروبومی ناوخۆیی بە رێگریکردن لە هاوردەکردنی بەروبومی رکابەری و پاڵپشتیکردنی جوتیاران بەدەست دێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی بازاڕ بەتایبەتی لەسەر ئاستی نرخ.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، گرنگترین شت بۆ جوتیاران ئەوەیە، کە داهاتێکی ئابووری بەدەستبهێنن کە زیانی دارایی نەبێت و بە گوێرەی ساڵنامەی کشتوکاڵیش، هاوردەکردنی 33 جۆر بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغەیە، جگە لە 14 کەلوپەلی سنووردار بە هۆکاری ئەمنی و تەندروستی.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشیدا، وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت؛ بەشی هاوردەکردن لە بەشی پلاندانان و بەدواداچوون بەپێی رێکارە رێکخراوەکان بەردەوامە لە کارەکانی و  رونیشیکردەوەمۆڵەتی هاوردەکردن دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دەسەڵاتی کەرتیی پەیوەندیدار، و لەڕێگەی سێ پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیەوە دەردەچێت.