دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئاشکرایدەکات، لە بەغداد دەستیان بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا 'درۆن' گرتووە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای هەوڵێکی وردی هەواڵگری، رێگرییان لە هەوڵێکی دروستکردنی درۆن کردووە و سێ تۆمەتباری پەیوەندیداریان دەستگیرکردووە.

ئەوەشیخستەڕوو، بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی، مەفرەزەکانی ئاسایش فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینیان جێبەجێکردووە، لە ئەنجامدا دەستیان بەسەر 25 کەرەستەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامێر و کەلوپەلی کۆکردنەوە و بەرهەمهێناندا گرتووە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بوونە هۆی دۆزینەوەی کارگەیەکە کە تەختە و پارچەی دروستکراو لە مادەی "کاربۆن" و پێداویستیی تەکنیکیی تێدا بووە کە بۆ قۆناغەکانی بەرهەمهێنان بەکارهێنراون.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختیکردووەتەوە، ئەم هەوڵە بەرپەرچدراوەتەوە پێش ئەوەی پڕۆسەی دروستکردنی درۆنەکان تەواو بێت، هەروەها لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ زانینی پەیوەندیی ئەم چالاكییە بە هەر پیلانێکەوە کە زیان بە ئاسایشی نیشتمانی بگەیەنێت، تا تۆمەتباران رەوانەی دادگا بكرێن.