وتەبێژی حكومەتی عیراق، ئامادەیی بەغدادی بۆ نێوەندگیركردنی نێوان ئەمریكا و ئێران راگەیاند و دەشڵێت پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا چوەتە قۆناغێكی نوێوە. 

حەیدەر عەبودی لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندووە،  هەڵبژاردنی واشنتۆن وەك یەكەم وێستگەی سەردانە دەرەكییەكانی سەرۆك وەزیران كارێكی هەڕەمەكی نەبووە، بەڵكو بەهۆی هەستیاریی قۆناغەكە و خوێندنەوەیەكی وریایانەی بەغدادەوەیە بۆ هاوكێشە خێراكان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پەیوەندییەكانی بەغداد و واشنتۆن چووەتە قۆناغێكی نوێوە بەجۆرێك لە دوو دەیەی رابردوودا پەیوەندییەكان زیاتر ئەمنی بوون، بەڵام لەمەودوا ئابوری دەبێت.

وتەبێژی حكومەتی عیراق راشیگەیاندووە، داخستنی گەروی هورمز زیانی بە ئابوری عیراق گەیاندووە و  ئەم رەوشە وا لە بەغداد دەكات بە شێوەیەكی بەپەلە بەدوای رێڕەوی نوێدا بگەڕێت بۆ زامنكردنی داهاتەكانی و هەمەجۆركردنی رێگەكانی هەناردەكردن.

هەروەها جەختیشیكردوەتەوە كە عیراق پەیوەندیی باش و هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە هەیە، هەربۆیە سەرۆك وەزیران كۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی تاران دەكات و دواتریش سەردانی ئەنقەرە دەكات، ئامادەیی بەغدادیشی دەربڕیوە  بۆ نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتۆن بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە .