ئۆپراسیۆنەكانی حكومەتی عیراق بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامە
هەساو ئەمیر
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئۆپراسیۆنەكانی حكومەتی عیراق بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامە و لە دوایین پێشهاتیشدا دەستەی دەستپاكی عیراق بەدوای 55 داواكراودا دەگەڕێت لە پارێزگای سەڵاحەدین.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیا ناوخۆییەكانی عیراقی راگەیاندووە، هێزێكی تایبەتی دەستەی دەستپاكی گەمارۆی دیوانی پارێزگای سەڵاحەدینیان داوە، بە مەبەستی دەستگیركردنی 55 فەرمانبەر، كە لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەكانی گەندەڵی داواكراون.
لە ئێستاشدا بەپێی بڕیار و فەرمانی رەسمی دەسەڵاتی دادوەری، كار بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانە دەكرێت كە تۆمەتی گەندەڵی و خراپبەكارهێنانی دەسەڵاتیان دراوەتە پاڵ.
ئەم جوڵەیەی دەستەی دەستپاكی لە كاتێكدایە لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە، هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردن بۆ ژمارەیەك لێپرسراوی سیاسی، حكومی، پەرلەمانتار و بازرگانان دەستیپێكردووە، لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی و بەكارهێنانی دەسەڵات بەشێوەیەكی خراپ.



