بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەی 2026وە، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران پەنا بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەك تایبەت بە پێدانی قەرز بە حكومەت دەبات.

عودەی عەواد، سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی یاسای بوودجەی 2026ـەوە، هەنگاویان ناوە بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی پرۆژەیاسایەك، كە تێیدا رێگە بە حكومەتی عیراق دەدات قەرز لەناوخۆ و دەرەوە بكات.

ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا كارەكان بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیاساكە بەردەوامە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆیانكردووە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەیاساكە دەسەڵات دەداتە حكومەت و وەزارەتی دارایی، لەناوخۆ و دەرەوە بەدوای قەرزدا بگەڕێن، وتیشی، لەناوخۆدا حكومەت دەتوانێت قەرز لە بانكی ناوەندی وەربگرێت بۆ زامنكردنی موچە و راییكردنی كاروبارەكانی دەوڵەت.