وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی وەزاری دەرکرد کە تێیدا نرخی فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵ (حکومی و بازرگانی) بۆ هاووڵاتییان دیاری کراوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی.

بەپێی بڕیارەکە پاڵپشت بە دوابەدوای بڕیاری پێشووی هاوردەکردنی بەنزین دەرچووە، ئامانج لێی دابەزاندنی نرخەکان و کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی هاووڵاتییان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک بەردەوام دەبێت، وەزارەتیش پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بە خستنەبازاڕی زۆرترین ڕێژەی بەنزین.

ئەوەشی خستەڕوو، نرخی فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە تەواوی بەنزینخانەکاندا سنوردار کرا، بە شێوەیەک نابێت لە 850 دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت؛ هەر بەنزینخانەیەکیش پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.

بڕیارەکە لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی دەرچوونی فەرمانەکەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.