هێزەكانی دەزگای دژەتیرۆری عیراق، لە دوو ئۆپراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگای كەركوك، دوو چەکداری پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد و لە هەمان پارێزگاشدا دەستیان بەسەر كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیدا گرت.

بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگای دژەتیرۆری عیراق، ئۆپراسیۆنەكان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی بەردەوام ئەنجامدراون. تێیدا لە لایەن هێزەكانیانەوە لە دوو چالاكی جیاوازدا لە سنووری پارێزگای كەركوك، دوو چەکداری پاشماوەكانی داعشیان دەستگیركردووە.


لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، لە چوارچێوەی ئەركەكانیاندا بۆ پاككردنەوە و لەناوبردنی پاشماوەكانی چەك و تەقەمەنییەكانی داعش، لە هەمان پارێزگا دەستیان بەسەر كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیدا گرتووە و پووچەڵیان كردووەتەوە. كۆگاكە پێكهاتبوو لە چەندین گولەهاوەن، موشەك، حەشوەی موشەكی ئاڕ پی جیحەوت و هەنارەی دەستی.


دەزگای دژەتیرۆری عیراق، جەختیشی كردووەتەوە كە هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەكانیان، بە ئامانجی بنبڕكردنی تیرۆر و دەستەبەرکردنی سەقامگیری.