سەرۆك وەزیرانی عیراق: 48 رێككەوتن و یاداشتی جیاجیامان لەگەڵ ئەمریكا ئیمزاكرد
ئاکام
١٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
عیراق نزیكەی 50 رێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتن و هاوكاری ئابوریی لەگەڵ ئەمریكا ئیمزاكرد لە بوارەكانی نەوت و پیشەسازیی و دارایی و تەكنەلۆژیا.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، بە چاودێری عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، 48 رێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتن و هاوكاری ئابوری لەگەڵ ئەمریكا لە چەندین بواری جیاجیادا ئیمزا كردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، رێككەوتن و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن هاوكاری و هاوبەشیی لە نێوان وەزارەتەكانی نەوت و كارەبای عیراق و كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە خۆدەگرێت وەك كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل و كەی بی ئاڕ و شێڵ و هالیبەرتۆن و جی ئەی ڤیرنوڤا، رێككەوتنێكی تریش بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی ستارلینك لە عیراق، لە نێوان دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان و كۆمپانیای ستارلینك ئیمزاكراوە.
راشیگەیاندووە، چەند رێككەوتنێكی تریش لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای ئەمریكی ئیمزاكراون تایبەت بە نۆژەنكردنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوت لە عیراقەوە بۆ بەندەری بانیاس لە سوریاو دەریای سپی ناوەڕاست، جگە لە چەندین رێككەوتنی تر لە بوارەكانی پەروەردە و تەكنەلۆژیا و دەرمان و كەرتی تایبەت.
ژوری بازرگانیی ئەمریكاش رایگەیاندووە، ئەو یاداشتنی لێكتێگەیشتن و رێككەوتنانەی لە نێوان ئەمریكا و عیراق ئیمزاكراون و بەهاكەیان دەگاتە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار.



