فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی پرۆسەیەکی قاچاخچێتی چەک و مووشەک لە سنوورەکانی عیراقدا بەرەو خاکی سوریا بڵاوکردەوە.

فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دوای پووچەڵکردنەوەی پرۆسەی قاچاخچێتی چەک و مووشەک بە سنوورەکانی عیراقدا بەرەو خاکی سوریا، دەمانەوێت ئەوە روون بکەینەوە کە بە رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی باڵا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕان پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە و ئاگاداربوون لە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بابەتە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: کارەکان بەردەوامن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سوری بە مەبەستی زانینی سەرجەم وردەکارییەکانی پەیوەست بەم پرۆسەیە، هەروەها سزادانی سەرپێچیکاران بە شێوەیەک کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سنوورە هاوبەشەکان مسۆگەر بکات و رێگری بکات لە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی.