عەلی زەیدی و وەزیری دەرەوەی ئوردن لە ئەمریکا کۆبونەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە و تەواوکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، بە ئامادەبونی تۆم باراک،  لە واشنتن پێشوازی لە ئەیەمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کرد.

وەک لە راگەیەندراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە؛ لە سەرەتای دیدارەکەدا، زەیدی بانگهێشتنامەیەکی رەسمی لەلایەن شا عەبدوڵای دووەمی شای ئوردنەوە پێگەیشت بۆ سەردانیکردنی عەممان.

 لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد و جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتە جیاوازەکانی ئابووری و گەشەپێداندا کردەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، گرنگی دراوە بە خستنەبواری جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە و تەواوکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای نێوان هەردوو وڵات بە ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

هاوکات،  نوێترین گۆڕانکاریی و پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تەوەرێکی تری گفتوگۆکانیان بوو، کە تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە لە رێگەی پشتگیریکردن لە بژاردە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان کرایەوە.