دەستەی كەشناسیی عیراق رایگەیاند، كە بەهۆی نزمەپاڵەپەستۆیەكی گەرمیی وەرزییەوە، پلەكانی گەرما لە چەندین پارێزگای ناوەڕاست و باشووری وڵات لە 50 پلەی سیلیزی تێپەڕ دەبن و شەپۆلێكی گەرمای توند وڵاتەكە دەگرێتەوە.

بەپێی راگەیاندراوێكی رەسمیی دەستەی كەشناسی، عیراق لە ژێر كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی گەرمیی وەرزیدایە، ئەمەش وایكردووە كە ئاسمانی وڵات لە هەموو ناوچەكان بە تەواوەتی ساماڵ و خۆرهەتاو بێت.

پلەكانی گەرماش لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور هاوشێوەی رۆژانی رابردوو بە بەرزی دەمێننەوە.

كەشناسی ئاماژەی بەوەش كردووە، كە گەرماكە لە سەعاتەكانی نیوەڕۆدا دەگاتە لوتكە و لە هەندێك لە شارەكان 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت، هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت لەو كاتانەدا خۆیان لە تیشكی خۆر بپارێزن.