لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و تێیدا پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان و رۆڵی سەرەکی بەغداد بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، پێشوازی لە "تۆم باراک" نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عیراق کرد.

لە دیدارەکەدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتن تاوتوێ کران.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و ئاسۆکانی هاوکاریی هاوبەش و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێکرا

ئەوەشی خستەڕوو، لە تەوەرێکی تردا پێداچوونەوە بە رەوتی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو گەشەسەندنەی لەم دواییانەدا بەخۆیانەوە بینیوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، لەگەڵ گەڕان بەدوای رێگاکانی فراوانکردنی هاوبەشیی ئابوری.

هەر کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە دواین پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرد و جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکانە.

هەر لە دیدارەکە رۆڵی سەرەکی عیراق کە دەتوانێت بیگێڕێت لە لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان و بەشداریکردن لە هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکەدا خرایە بەرباس.