دادوەریی عیراق: لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوتدا دەستبەسەر 375 کیلۆگرام زێڕدا گیراوە
محەمەد رزگار
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، گەڕاندنەوەی 375 کیلۆگرام زێڕی لە چوارچێوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتدا راگەیاند، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە.
دادوەرانی لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندیی عیراق رایانگەیاند، ئەمڕۆ ، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، ، توانراوە 358 کیلۆگرام زێڕ بگەڕێنرێتەوە.
دادگای لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دۆسیەیەکی تری هاوشێوەدا دەست بەسەر 17 کیلۆگرام زێڕی دیکەدا گیراوە، بەوەش کۆی گشتی ئەو زێڕەی لە یەک رۆژدا دەستی بەسەردا گیراوە گەیشتووەتە 375 کیلۆگرام.
بەپێی راگەیەنراوەکە ، تەواوی زێڕە دەستبەسەرداگیراوەکە رادەستی بەڕێوبەرایەتی گشتی گەنجینەی بانکی ناوەندیی عیراق کراوە، ئەم رێکارانەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانن بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، "عەدنان جومەیلی"، کە ئێستا دەستبەسەرە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو سەروەت و سامانە گواستراوە و نەگواستراوانەی لە رێگەی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون.



