لە عیراق پرۆژەیاسایەك ئامادە دەكرێت بۆ بەهێزكردنی دیوانی چاودێریی دارایی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عیراق كۆبوونەوە و چالاكییەكانی چاودێری داراییان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا تاوتوێكرد.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ئامادەكردنی پرۆژەیاسایەك كرا بۆ هەمواركردنەوەی یاسای چاودێریی دارایی كە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی قۆناغی ئێستای عیراقدا بگونجێت.

هەردوولاش رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی تیمێكی هاوبەش بۆ گونجاندنی یاسای دیوانی چاودێریی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی ژینگەیەكی یاسایی و زیادكردنی داهاتی ناونەوتیی و دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان بۆ باشتر راپەڕاندنی كاری وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكان.