زەیدی: کار بۆ دەوڵەتێک دەکەین کە جێگەی شانازی بێت بۆ عیراقییەکان
محەمەد رزگار
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت؛ حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی چەکدا سەرکەوتووبووە و لەگەڵ ترەمپیش گفتوگۆ لەسەر راکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بازاڕی وەبەرهێنانی عیراق دەکات.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، کاری لەپێشینەی حکومەتی عیراق بونیادنانی دەوڵەتێکە کە ببێتە جێگەی شانازی بۆ سەرجەم هاووڵاتیان، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد، بەغداد لە بابەتی کۆنتڕۆڵکردنی چەکدا هەنگاوی باشی ناوە و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە.
زەیدی تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن ئەوەشی خستەڕوو، "چاوەڕوانین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر بەرەوپێش بچن؛ ئەمریکا هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و هاوکاری لە نێوان عیراق و تەواوی ناوچەکەدا."
ئاشكراشیکرد، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی وەبەرهێنان و راکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ ناوخۆی عیراق دەکات، بە ئامانجی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکە.



