حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی زەیدی، سبەینێ دووشەممە لە چوارچێوەی سەردانێکی رەسمیدا بەرەو واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێ دەکەوێت.

عەبوودی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە: ئەم سەردانە وەک بەرجەستەکردنی پەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکییە هاوسەنگەکان دێت کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراون، هاوكات ئاماژەی بەوەش کرد: کاتی ئێستای سەردانەکە "گرنگییەکی گەورە"ی پێدەبەخشێت، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە هەستیارە ناوچەییەی کە ناوچەکە بەخۆیەوەی دەبینێت.

هەروەها روونکردنەوەی دا کە سەردانەکە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پێناو بەرجەستەکردنی کارنامەی وزاری حکومەتدایە بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن، و ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی سەردانەکە تیشک دەخەنە سەر چەند دۆسیەیەکی گرنگ، کە دیارترینیان پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانە.

وتەبێژی حکومەت پەردەی لەسەر ئەجێندایەکی ئابووری چڕ لادا، کە واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لەخۆدەگرێت، کە گرنگترینیان لە کەرتی نەوت و غازدا چڕدەبنەوە، و روونی کردەوە: ئامانجی سەردانەکە هێنانەناوەوەی کۆمپانیا ئەمریکییە پسپۆڕەکانە بۆ کارکردن لە عیراق و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای بەرهەمهێنانی کەرتی نەوتی عیراق، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەروی هورمز وەک تاکە دەروازە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی عیراق.