روانگەی عیراق بۆ ژینگە، ئەمڕۆ یەکشەممە، داوای کەمکردنەوەی کاتەکانی دەوامی رەسمی لە رۆژانی داهاتوودا کرد، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گشتی لە ژێر رۆشنایی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرمادا.

روانگەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: پلەکانی گەرما کە لە 50 پلەی سەدی تێدەپەڕن، کاریگەری نەرێنییان لەسەر هاووڵاتییان دروستکردووە، بەتایبەتی بەساڵاچووان، ژنان، منداڵان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، سەرەڕای فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت، هەر بۆیە داوا دەکات کاتەکانی دەوامی رەسمی کەم بکرێتەوە بۆ کاتژمێر 1:00ی دوای نیوەڕۆ لەبری کاتژمێر 3:00.

ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئەم رێکارە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەستان لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن، هاوکات لەگەڵ سنووردارکردنی ئەو کاریگەرییە تەندروستییانەی کە بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە دروست دەبن.

روانگەکە جەختیشی کردەوە: دەکرێت پشتببەستین بە سیستمی کاری نەرم و کارکردن لە دوورەوە بۆ ئەو وەزیفانەی کە پێویستیان بە ئامادەبوونی مەیدانی نییە، لەگەڵ پابەندکردنی کەرتی تایبەت بە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام، و کەمکردنەوەی کاتەکانی کاری دەرەوە بۆ کرێکاران لە کاتی لوتکەی گەرمادا کە لە سەعات 11:00ی پێشنیوەڕۆوە تا 4:00ی ئێوارە دەخایەنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە: کەمکردنەوەی کاتەکانی دەوام هۆکار دەبێت بۆ زیادکردنی کاتەکانی پێدانی وزەی کارەبا بە هاووڵاتییان دوای کوژاندنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لە فەرمانگە حکومییەکاندا، سەرەڕای کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە بەرهەتاوگەیان، بێهێزی و ماندوێتی لە نێوان هاووڵاتییاندا، بەتایبەتی ئەو راوێژکار و سەردانیکەرانەی کە بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان چاوەڕێ دەکەن.