لە پێشهاتێكی نائاسایی و مشتومڕهەڵگردا، لەسەر وروژاندنی بابەتی فڕۆكە قەتەرییەكەی ترەمپ، وەزارەتی دادی ئەمریكا بانگهێشتی ژمارەیەك رۆژنامەنووسی ئەمریكی دەكات.

رۆژنامەی " نیویۆڕك تایمز"ـی ئەمریكی بڵاویكردەوە، وەزارەتی دادی ئەمریكا لەسەر وروژاندنی بابەتی فڕۆكە قەتەرییەكەی ترەمپ، بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی ژمارەیەك رۆژنامەنووس كردووە تاكو رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لەبەردەم دەستەی دادوەریی باڵای فیدراڵی ئەمریكا ئامادەبن و وتەیان سەبارەت بەو بابەتە لێ وەربگیرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بانگهێشتنامەی رۆژنامەنووسەكان بە فەرمانی 'جای كلایتۆن' داواكاری گشتی ئەمریكا بووە و گەیەندراوەتە رۆژنامەنووسەكان.

گەورە لێپرسراوێكی وەزارەتی دادی ئەمریكا بۆ رۆیتەرز ئاشكرایكردووە، ئەم هەنگاوە رۆژنامەنووسان ناكاتە نامانج، بەڵكو تەنها ئامانج لێی دۆزینەوە و بنبڕكردنی ئەو كەلێنانەیە كە زانیارییەكانی دزە پێكردووە.