عیراق رەشنووسی رێککەوتنی نێودەوڵەتی ئامادە دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان
سەوسەن سەید
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ شەممە، ئامادەکردنی رەشنووسی چەند یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی راگەیاند بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتباران بۆ عیراق.
عباس متعب، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوە لە دەستەی دەسپاکی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (واع) رایگەیاند: هەندێک وڵات هەن کە بەهۆی هۆکاری تایبەت بە خۆیانەوە، هاوکار نین لە دۆسیەی گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵکاراندا، لە بەرانبەریشدا هەندێک وڵاتی تر هەن کە لەم بوارەدا هاوکارن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: فەرمانگەکەمان رەشنووسێکی ئامادە کردووە بۆ ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بۆ گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتباران، ئێمە بەردەوام بەدواداچوون لەگەڵ وڵاتان و گۆڕانکارییەکاندا دەکەین، بەڵام یاسا ناوخۆییەکانی هەندێک وڵات رێگە بە گرتنەبەری ئەو رێکارە دیاریکراوانە نادەن کە عیراق داوایان دەکات.
وتیشی: عیراق پەنا دەباتە بەر رێگەی دانوستان، و چەندین شێوازی جێگرەوەش لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەن بۆ هێنانەکایەی هاوکاری، ئاماژەی بەوەش کرد: زۆرێک لە وڵاتان بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە هاوکاری ناکەن، لەوانە هۆکاری ئابووری یان هۆکاری پەیوەست بە لایەنی مرۆییەوە، هەندێک جاریش گەندەڵکارەکە مافی پەنابەری لەو وڵاتانە وەرگرتووە، بۆیە رادەستکردنەوەیان رووبەڕووی قورسی دەبێتەوە.



