پارە بگەڕێنەوە و سزا کەم بکەرەوە؛ ستراتیژی نوێی دادگاکانی عیراق بۆ راوکردنی گەندەڵکاران
بڵند
١٠ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق رایگەیاند، ستراتیژی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی مۆڵکی گشتیی جێبەجێدەکات، کە بریتییە لە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان لەلایەن گەندەڵکارانەوە لە بەرانبەر سوککردنی سزاکەیان.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق ستراتیژی نوێی دادگاکانی راگەیاند، کە خۆی لە دوو ئامانجی هاوتەریبدا دەبینێتەوە، سزادانی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی دەوڵەت، ئەمەش لە رێگەی سوککردنی سزای ئەو تۆمەتبارانەی کە ئامادەن بە شێوازی خۆبەخشانە مال و سامانی گشتی بگەڕێننەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی دزی سەدە، دادگا رونی کردەوەتەوە، کە تۆمەتباری سەرەکی (نور زوهێر) دوای گەڕاندنەوەی 365 ملیار دینار بە کەفالەت ئازادکرا، بەڵام بەهۆی راکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، حوکمی غیابی 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە؛ لە ئێستاشدا دۆسیەکەی بەهۆی یاسای نوێی لێبووردنی گشتی و چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دارایی هەڵپەسێردراوە.
ئەنجومەنی باڵای قەزایی عیراق ئاماژەی بەوەشکردوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە داخراوە و حوکمی زیندانی بۆ 12 فەرمانبەر و چەند بەرپرسێکی باڵای پێشوو دەرچووە.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی قەزا جەختی کردەو، کە هەمان رێکاری گەڕاندنەوەی پارە لە بەرانبەر سووککردنی سزا، بەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەی "پاڵاوگەکانی باکوور" و پەرلەمانتارە تێوەگلاوەکاندا جێبەجێ دەبێت ئەگەر تاوانەکەیان پێش یاسای لێبووردنی نوێ بێت و لە ئێستاشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران کار لەسەر نەخشەڕێگایەکی یاسایی نوێ دەکرێت بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی داراییەکانی دەوڵەت.



