تا ئێستا شەش ملیۆن چەك لە عیراق لە چوارچێوەی پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی چەكدا تۆماركراون
هەساو ئەمیر
٩ی تەمووزی ٢٠٢٦
تا ئێستا شەش ملیۆن چەك لە عیراق لە چوارچێوەی پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی چەكدا تۆماركراون و وەزارەتی ناوخۆی عیراقیش وادەی تۆماركردنی چەكی تا كۆتایی ئەمساڵ درێژكردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانیی كۆنتڕۆڵكردنی چەك لەدەستی دەوڵەتدا، تا ئێستا نزیكەی شەش ملیۆن چەك لە بنكەی زانیاریی نیشتمانییدا تۆماركراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئەم ساتە زیاتر لە 350 هەزار هاووڵاتی كە سەرۆك خێزانن چەكەكانیان تۆماركردووە و هەفتانە پڕۆسەكە بەردەوامە.
پڕۆسەی تۆماركردنی چەك لە عیراق بە دوو قۆناغی سەرەكی دەكرێت، كە یەكەمیان دروستكردنی بانكێكی نیشتمانیی چەكە بۆ دامەزراوە ئەمنییەكان و دووەمیشیان تۆماركردنی چەكی هاووڵاتیانە لەرێگەی 845 نوسینگە لە سەرتاسەری عیراقدا جگە لە هەرێمی كوردستان.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆش، وادەی تۆماركردنی چەك تا رۆژی 31ی مانگی 12ی ئەمساڵ درێژكراوەتەوە و بێبەرانبەر مۆڵەتی پێنج ساڵ بۆ چەكەكان وەردەگیرێت، لەدوای ئەو وادەیەشەوە، تۆماركردنی چەكەكان دەبێت بە پارە.
هاوكات، لە قۆناغی دوای تۆماركردنی چەكەكانیشدا، هێزە ئەمنییەكان دەست دەكەن بە پشكنین و دەستبەسەرداگرتنی هەر چەكێكی بێ مۆڵەت لە وڵاتەكەدا.



