دیالە؛ بەتۆمەتی دزینی ئامێری کارەبا بە بەهای دوو ملیار دینار چوار تۆمەتبار دەستگیر کران
بڵند
٩ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەستەی دەستپاکی عیراق ئاشکرای کرد، کە کەرەستەی کارەبایی بە بەهای دوو ملیار دینار لە لقی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگای دیالە دزراوە و چوار کەسیان بە تۆمەتی دزینەکە دەستگیر کردوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تیمێکی تایبەتی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە، دوای وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانی گواستنەوەی کۆگا بۆ ساڵانی (2022-2025) و هاوتاکردنیان لەگەڵ سیستمی کۆمپیوتەریی کۆگاکاندا، بۆیان دەرکەوتووە، کە کەرەستەکانی نێو دوو بەڵگەنامەی رەسمی نەخرابوونە ناو کۆگاکانی کۆمپانیاکەوە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن کەسی رێگەپێدراوەوە وەرگیرابوون.
ئاماژە بەوەکراوە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیشدا، چوار فەرمانبەر بە تۆمەتی دزینی ئەو کەرەستە کارەباییانە کە بەهاکەیان دەگاتە زیاتر لە دوو ملیار دینار دەستگیرکران.
وەک دەستەکە بڵاویکردوەتەوە، لە ئێستا پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و رادەستی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەعقوبە کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست لە دژیان.



