جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری توند دەداتە ئێران و رایدەگەیەنێت، هێزە سەربازییەکانیان بەردەوام دەبن لە جوڵەکانیان ئەگەر تاران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان رانەگرێت.
جەی دی ڤانس، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە پێگەیەکی زۆر بەهێزەوە رێککەوتنیان لەگەڵ ئێرانییەکاندا ئیمزا کردووە، کە تێیدا هاتووە ئەگەر ئێران تەقە لە کەشتییەکان بکات، ئەوا واشنتۆن بە توندی و بە هێزێکی گەورەترەوە وەڵامی دەداتەوە.
لەبارەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپەوە، کە وتبوی ئەمشەو رەنگە هێرشبکەنەوە سەر ئێران، جەی دی ڤانس دەڵێت شتێک رودەدات ئەمشەو، بەڵام ئاشکرای ناکەین.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەشی خستەڕوو، کە ئێران پێشتر بەڵێنی دابوو هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان رابگرێت و بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەکیش رەفتارەکانی باشتر کردبوو، بەڵام لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا دیسانەوە دەستی بە تەقەکردن کردووەتەوە
جەی دی ڤانس جەختی کردوەتەوە، کە پێویستە تاران پابەندی بەڵێنەکانی بێت، دەنا روبەڕووی هەمان ئەو رەوشە دەبێتەوە، کە شەوی رابردوو بەسەریدا هاتووە.
سەبارەت بە چارەنووسی گەروی هورمزیش رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە رونی ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت گەروی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و پێویستە ئێرانیش بە باشی لەم پەیامە تێبگات؛ چونکە هەر هەوڵێک بۆ داخستنی ئەو گەروە، روبەڕووی وەڵامی سەربازیی راستەوخۆی ئەمریکا دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، کە سەرۆک ترەمپ چەندین بژاردەی جۆراوجۆری لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەڵام لە ئێستادا بە دیاریکراوی ئاشکرای ناکەن، کە ئەمشەو چی رودەدات.