سبەینێ تەرمی رابەری باڵای پێشووی ئێران دەهێنرێتە عیراق و دەبرێتە مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و مەزارگەی ئیمام حسێن لە كەربەلا.

دوای بەڕێوەچوونی سێیەمین و دوایین رۆژی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی لە تاران، بڕیارە ئێوارەی سبەینێ لە قومەوە بێتە عیراق.

عەلی ئەكبەر پوورجەمشیدیان، سكرتێری لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییكردن و بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رایگەیاند، ئێوارەی سێشەممە، تەرمەكە بە فڕۆكە دەگەیێندرێتە شاری نەجەف و چوارشەممەش دەبردرێتە مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و دواتریش بۆ مەزارگەی ئیمام حسێن لە كەربەلا.

هاوكات، محەممەدكازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عیراق باسی لەوە كرد، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران وعەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداری رێوڕەسمەكە دەبن لە عیراق.

بەپێی ئەو خشتەیەش كە لیژنەی ماڵئاواییكردن و بەخاكسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی بڵاویكردووەتەوە، پێنجشەممە تەرمی رابەری باڵای پێشووی ئێران دەگەڕێندرێتەوە ئێران و لە رێوڕەسمێكدا لە شاری مەشهەد بەخاكدەسپێردرێت.