ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ دووشەممە، دەستبەسەرداگرتنی 25 ملیار دیناری عیراقی تری لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن راگەیاند.

ئەنجومەنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوە کردووە: دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، دەستبەسەرداگرتنی 25 ملیار دیناری عیراقی نوێی روونکردووەتەوە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بڕی (یەک ملیۆن دۆلار)، لەگەڵ زێڕ و خشڵ کە کێشەکەی بە نزیکەیی 5 کیلۆگرام دەخەمڵێندرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن.

دادوەری تایبەتمەند زانیاری زیاتری دا و وتی: لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو داهاتە داراییانەی کە لەو بەهەدەردانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە لەو پڕۆژانەدا رویانداوە کە لەلایەن تۆمەتبار و لایەنەکانی دیکەی دۆسیەکەوە جێبەجێ کراون، توانرا دەست بەسەر ئەم بڕە پارانەدا بگیرێت کە خرابوونە ناو دەبە پلاستیکییەکانی ئاوەوە و لە ناو ماڵی تۆمەتبارەکەدا لە شاری تکریت شاردرابوونەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد: کۆی گشتی ئەو پارە داراییانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە بەرزبووەتەوە بۆ 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار، ئەمە جگە لەو خانوو، زەوی و ئۆتۆمبێلانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەو زێڕ و خشڵانەی دۆزراونەتەوە، هاوکات جەختیشی کردەوە: لێکۆڵینەوەکان و بەدواداچوون بۆ تێوەگلاوانی دیکە بەردەوامە تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاساییەکان.