دەستەی دەستپاكی: سوپرایزی گەورەمان دەبێت لە ئاشكراكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی
هەساو ئەمیر
٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەستەی دەستپاكی عیراق رایگەیاند، نیوەی ئەو تۆمەتبارانەی دۆسیەی گەندەڵی گەڕێنراونەتەوە عیراق كە هەڵهاتبوون و بڕێكی زۆر لە پارەش گەڕێنراوەتەوە.
دەستەی دەستپاكی عیراق دووپاتی دەكاتەوە بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەكانی گەندەڵی و بەڵینیش دەدات، سوپرایزی گەورەیان دەبێت لە ئاشكراكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی و كەسایەتی زۆر دیار و گەڕاندنەوەی بڕە پارەی زەبەلاح بۆناو عیراق.
دەستەی دەستپاكی رایگەیاندووە، لە ئێستادا نیوەی ئەو تۆمەتبارانەی دۆسیەی گەندەڵی كە تەنانەت لە ساڵەكانی رابردووشدا هەڵهاتبوون گەڕێنراونەتەوە عیراق و بڕێكی باش لەو پارانەش گەڕێنراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت كە برابوونە دەرەوەی عیراق.
بەپێی راگەیەنراوی دەستەكە، هەماهەنگییەكی باش هەبووە لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵ و ئاماژە بەوەشكراوە، هێشتا بەربەست لە رێككەوتنی یاسایی لەگەڵ هەندێك وڵاتدا هەیە، بەهۆی جیاوازی لە یاسای وڵاتەكاندا، بۆیە ئەوەی لە عیراق جێبەجێ دەكرێت بە ئاسانی لە وڵاتانی تر بەدەست نایەت، هەروەها بەشێكی پارە دزراوەكان تێكەڵی ئابوری ئەو وڵاتانە بوون، ئەمەش پێویستی بە بەدواداچوونی ورد و كۆكردنەوەی بەڵگەی بەهێز هەیە بۆ سەلماندنی خاوەندارێتی عێراق بۆیان.



