خانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی عیراق لە جۆری  F-16یی هێرشێکی ئاسمانی سەرکەوتوو و وردیان کردووەتە سەر چەند حەشارگە و مۆڵگەیەکی تاقمە تیرۆریستییەکان لە سنووری کەرکوک.

خانەی راگەیاندنی ئەمنی حێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تییدا هاتووە؛ ئەم ئۆپراسیۆنە خێرایە دوای پلان داڕشتن و بەدواداچونێکی وردی پێنج رۆژەی بەردەوام بووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێرشەکان  لە رێگەی هەماهەنگییەکی باڵا لە نێوان خانەی بەئامانجگرتن لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، زانیارییە هەواڵگرییە پشتڕاستکراوەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عیراق و بە هاوکاریی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عیراق ئەنجام دراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، چەند جارێک حەشارگەکانی تیرۆرستان کراونەتە ئامانج و دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکان هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و دژەتیرۆری عیراق  دەستیان بە کێوماڵکردنی ناوچەکە کردووە.