هاتوچۆی سلێمانی: سبەینێ بەشێکی شەقامی مەلیک مەحمود بەهۆی هێڵکارییەوە دادەخرێت
محەمەد رزگار
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سبەینێ بەشێکی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بەربەست دەکرێت و کاری هێڵکاری بۆ ئەنجام دەدرێت، هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت؛ لە پردی دەباشان بەرەو ئاڕاستەی مزگەوتی نائیلە خاتوون کارەکان ئەنجام دەدرێت.
هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاگاداری هاووڵاتییان و شۆفێران دەکاتەوە، سبەینێ رۆژی دووشەممە لە سەعات07:30ـی بەیانی کاری هێڵکاری لە شەقامی بازنەیی مەلیک محمود ئەنجام دەدرێت، دەستپێک لە پردی دەباشان بەرەو ئاڕاستەی مزگەوتی نائیلە خاتوون کارەکان ئەنجام دەدرێت و لەکاتی هێڵکاریکردنەکە شەقامەکە بەربەست دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێران دەتوانن شەقامە خزمەتگوزارییەکەی تەنیشتی شەقامە سەرەکییەکە بەکاربهێنن بۆ هاتووچۆکردنیان، کاری هێڵکارییەکە هەمان رۆژ تەواو دەکرێت و پاشان شەقامەکە بەرووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
هاتوچۆی سلێمانی، داوای لێبوردن لەهاوڵاتییان و شۆفێرانی دەکات ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی ببنە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و هەموو کات لە خزمەتی ئێوەدا دەبن بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری.


