کەمبوونەوەی پێوانەیی ئاگرکەوتنەوەکان لە عیراق
سەوسەن سەید
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەرگری شارستانی عیراق رایگەیاند کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، کەمبوونەوەیەکی پێوانەیی لە روداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 86٪، هاوکات سیستەمێکی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو بۆ خێراکردنی گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە و رزگارکردن بۆ شوێنی روداوەکان کەوتووەتە گەڕ.
نەواش سەباح شاکر، بەڕێوبەری بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوبەرایەتییەکە رایگەیاند: تیمەکانی بەرگری شارستانی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا مامەڵەیان لەگەڵ 1680 روداوی ئاگرکەوتنەوەدا کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کەمبوونەوە بەرچاوە (86٪) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵانی رابردوو، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکارە خۆپارێزییە توندانەی کە گرتوویانەتەبەر، لەوانە: داخستنی ئەو دامەزراوە و باڵەخانانەی سەرپێچی مەرجەکانی سەلامەتییان کردووە، لەگەڵ چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان.
شاکر رونی کردەوە کە "شۆرتی کارەبا" هۆکاری سەرەکیی 48٪ی کۆی گشتی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەیە لە وڵاتدا، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا. ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ خراپی جۆری وایەر و پلاکە بەکارهاتووەکان، نەبوونی هۆشیاری لای هەندێک لە هاوڵاتیان لە کاتی جێهێشتنی ئامێرە کارەباییەکان بە داگیرساوی، و ئەنجام نەدانی پشکنینی خولی بۆ تۆڕەکانی کارەبا.
لە کۆتاییدا، شاکر ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گشتی کرد بە مەبەستی دابینکردنی رێڕەوی ئاسان و کراوە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن، بۆ دەستەبەرکردنی گەیشتنیان لە کاتی دیاریکراودا.





