فوئاد حوسێن: عیراق رۆڵی هەبووە لە نێوەندگیری نێوان واشنتۆن و تاران
سەوسەن سەید
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق، چەند لێدوانێکی گرنگی سەبارەت بە رۆڵی دیپلۆماسی عیراق و کێشمەکێشەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران ڕایگەیاند، و ئاماژەی بە کاریگەرییە قورسەکانی ئەم گرژییانە لەسەر دۆخی ناوخۆیی و ئابوری عیراق کرد.
وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند کە سەرەڕای ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، بەڵام جەنگ و گرژییەکان لە ناوچەی گەروی هورمز هێشتا بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەداخەوە سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا سەریهەڵدا، و بەهۆی ئەم جەنگەشەوە عیراق روبەڕووی چەندین هێرش بووەتەوە.
فوئاد حوسێن باسی لە لێکەوتە ئابوورییەکان کرد و وتی: داخستنی گەروی هورمز بووەتە هۆکارێک بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی عیراق، و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر گەورە و خراپی لەسەر ئابووری و رەوشی دارایی وڵات جێهێشتووە.
وزەری دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە عیراق خاوەنی پەیوەندییەکی نایابە لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی، و لە کاتی جەنگەکەشدا عیراق رۆڵی گرنگی لە نێوەندگیری نێوان واشنتۆن و تاراندا گێڕاوە. هۆشداریشیدا کە عیراق هیچ کاتێک لەگەڵ فراوانکردنی بازنەی جەنگەکەدا نەبووە و هەمیشە داوای لە وڵاتان کردووە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستانەکان.
هەروەها سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کرد کە بە شێوەیەکی بەردەوام حکومەتی عیراقی لە پێشهاتەکانی جەنگ و پرۆسەی دانوستانەکان ئاگادار کردووەتەوە.
فوئاد حوسێن هیوای خواست کە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران وەک خۆی جێبەجێبکرێت، و رایگەیاند: عیراق هەمیشە جەنگ رەت دەکاتەوە و پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دانوستانەوە دەکات.
لە کۆتاییدا ئامادەیی تەواوی عیراقی دەربڕی بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و میوانداریکردنی کۆبوونەوەی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو بە مەبەستی کۆتایهێنان بە جەنگ و چەسپاندنی ئارامی لە ناوچەکەدا.



