وەڵامی نەوەی نوێ بۆ راگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە راگەیەندراوێک وەڵامی راگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەداتەوە...
دەقی راگەیەندراوەکە
وەڵامێک بۆ مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان
ئەمرۆ مەکتەبی سیاسی پارتی بەیاننایەکى بڵاوکردۆتەوەو تیایدا باسی ئەوە دەکات هەرێم لە دۆخێکی نەخوازراودایە و داواى دانیشتن و زەمینەسازى بۆ گفتوگۆ دەکات بۆ چارىسەرى کێشەکان.
سەرەتا پێویستە بەبیرى هەمو لایەکی بهێنینەوە کە رۆژى ٢-١٢-٢٠٢٤ کەرۆژى سوێندخواردنى پەرلەمانتاران بوو، فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى دانیشتنەکەیان جێهێشت و رێگەیان نەدا کە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
پاشان رۆژى ٩-١٢-٢٠٢٤ کاتژمێر ١٢ى نیوەڕۆ دانیشتن دانرا، بەڵام فراکسیۆنی پارتی نەچوونە ژوورەوە، هەمان رۆژ سەرۆکى کاتیى پەرلەمان داواى کرد کە هەموو رۆژ زەنگى دانیشتن لێبدرێت، کەچى جێگرى سەرۆکى دیوانى پەرلەمان کە پارتییە، رێگەى نەداوە زەنگ لێ بدرێت و وتویەتى تەعمیر دەکەن.
پاشان لە رۆژى ١٩-١-٢٠٢٥ سەرۆکى کاتیی پەرلەمان داواى کرد کە رۆژى ٢٦-١-٢٠٢٥ کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام پارتى ئامادە نەبوو، بۆیە رۆژى ٢٢-١-٢٠٢٥ سەرۆکی کاتی پەرلەمان دەستى لەکارکێشایەوە.
جگە لەمانەش، کاتێک شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، بەوپەڕى رێز و دڵسۆزیەوە هۆشداری دەدات لەوەى کە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن، هەرێمەکەمان لەدەست دەچێت، ئەوا میدیاکانى پارتى بەڕەسمى و نا ڕەسمیەوە، لە بری سوپاسی ئەم هەڵویستە خەمخۆرییە، کەچی بەوپەڕى بێڕێزیەوە دەست دەکەنە هێرشکردن و تەخوین و ناوزڕاندن، بەبێ ئەوەى خۆیان لە قەرەى مەترسییە راستەقینەکە بدەن.
ئەم جۆرە هێرشکردن و ناوزڕاندن و تەخوین کردنە بەرامبەر سەرۆکى پارتێکى گەورەى خاوەن ١٥ کورسى پەرلەمانى کوردستان، لەکوێی دنیا زەمینەسازى بۆ گفتوگۆو دانیشتن و چارەسەرى کێشەکان دروست دەکات؟
پێویست بوو پارتى دیموکراتى کوردستان درک بەوە بکات کە هۆشداریەکەى شاسوار عەبدولواحید لە خەمخۆرى و دڵسۆزیەوە بوو بۆ هەرێمى کوردستان و دامەزراوەو دام و دەزگا رەسمیەکانى، تا گەلى کوردستان و هەرێمەکەش لەڕێگەى بەگەڕخستن و شەرعیەت پێدانى دامەزراوەکانیەوە لەهەموو مەترسییەک بپارێزرێت.
لە کۆتاییدا پێویستە هەموو لایەک ئەو راستییە بزانن، گەر هەر لایەنێک خۆی بە دڵسۆزی هەرێم و کورد و کوردستان دەزانێت، ئەوا نابێت شەڕی پۆست بکات و دەست بگرێت بە هیچ پۆستێکەوە و نابێت هەرێمی کوردستان بکرێت بەقوربانی پۆست.
بۆیە گەر پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەن دەستبەرداری شەڕی پۆست ببن، ئەوا هەموو لایەنەکانی تر ئامادەی دانیشتنن، بەڵام کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٣٩ کورسیەوە دەڵێت ئێمە هێڵی سورمان هەیە بۆ پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، ئەوا مانای کۆتاییهێنانە بە ئەزمونی هەرێم و داخستنی هەموو دەرگاکانە بەڕووی گفتوگۆ و دانیشتن.
ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی
٢٠٢٦/٦/٢٧


