سەرۆک وەزیرانی عیراق پەیامێکی هاوخەمى ئاڕاستەی سەرۆکی ڤەنزوێلا دەکات و ئامادەیی بەغداد بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو وڵاتە رادەگەیەنێت.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ هەینی پەیامێکی هاوخەمى و پاڵپشتی ئاڕاستەی دێڵسی رۆدریگز سەرۆكی كاربەڕێكەی ڤەنزوێلا کرد، بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی هەژاند و زیانی گەورەی گیانی و مادی لێکەوتەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرەخۆشی و پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی ڤەنزوێلا دەربڕیوە بۆ تێپەڕاندنی شوێنەوارە بەژانەکانی ئەو کارەساتە سروشتییە."

سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختی لە هاوخەمی و هاوپشتی تەواوی حکومەت و گەلی عیراق لەگەڵ ڤەنزوێلا کردووەتەوە لەم بارودۆخە مرۆییە سەختەدا.

لە راگەیەنراوەکەدا، عیراق ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی پێویست و هەماهەنگیکردن لە هەوڵەکانی فریاگوزاری و پشتیوانیکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق هیوای سەلامەتی بۆ گەلی ڤەنزوێلا خواستووە بۆ ئەوەی بتوانن لە زووترین کاتدا لێکەوتەکانی ئەم کارەساتە تێپەڕێنن.