وەزارەتی نەوتی عیراق: دەنگۆی کشانەوەمان لە ئۆپێک دورە لە راستییەوە
سەوسەن سەید
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڕەشەی عیراق دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی خۆی لە رێکخراوی ئۆپێک، بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی هەڵوێستی رەسمی حکومەتی عیراق نین.
وەزارەتەکە رونیکردەوە کە نە سەرۆک وەزیران و نە حکومەتی عیراق پرسی کشانەوەیان نەخستووەتە روو، بەڵکو عیراق بەردەوام جەختی لەسەر گرنگیی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی سەقفی بەرهەمهێنان کردووەتەوە، بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی وڵاتانی ئەندام، ئەمەش بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەلایەن سەرجەم وڵاتانی پەیوەندیدارەوە پەسەندکراوە و لەژێر رۆشنایی لێکتێگەیشتنە تایبەتەکان بە دۆخی ئەمنی و ئابوری عیراق.
لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و هاوپەیمانەکانیان (OPEC+) وەڵامی ئەم داواکارییەیان داوەتەوە لە رێگەی دەستپێکردنی پرۆسەی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوە بۆ زۆرترین توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی وڵاتانی ئەندام، کە لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی سەربەخۆ و بە بەشدارییەکی کارای عیراق، بەپێی خشتەی کاتیی دیاریکراو جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانیان لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە گەڕاندنەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەو بڕە نەوتەی کە پێشتر کەمکرابووەوە، و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا گەڕانەوەی سەرجەم کەمکردنەوە ئارەزوومەندانەکان تەواو بێت، ئەمەش هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی سەقفی بەرهەمهێنانی عیراق. لەبەر ئەوە، هەر داواکارییەک سەبارەت بە سەقفی بەرهەمهێنان یان ئاستی توانای بەرهەمهێنان، لە رێگەی میکانیزمە تەکنیکی و تەوافقەییە پەسەندکراوەکانی ناو چوارچێوەی رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی چارەسەر دەکرێت.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکتێگەیشتنێکی ئاستبەرز لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە هەیە بۆ دۆخی تایبەتی عیراق و ئەو نەهامەتییانەی کە پیشەسازی نەوتی عیراق لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی رابردودا بەهۆی جەنگ، گەمارۆ و تەحەددییەکانەوە چەشتوویەتی، کە دوایینیان وێرانبوونی چەندین بەشی ژێرخانی نەوتی و پاڵپشتیکار بوو بەهۆی هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەکانەوە.
رونیشیکردەوە کە ئەم دۆخە رەچاو دەکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لە ئاستێکی دادپەروەرانەدا بێت، کە بتوانێت پێگەی خۆی وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەر لەناو وڵاتانی رێکخراوەکەدا بەدەستبهێنێتەوە، و ئەنجامە خوازراوەکان لە پڕۆژەکانی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی سەرجەم جومگەکانی پیشەسازی نەوت بەدیبهێنێت، کە دەمارگیر و سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە داراییەکانی عیراق پێکدەهێنێت.



