دوو گەنجی ئەمریکی بەرانبەر سەیرکردنی مۆندیال 50 هەزار دۆلار وەردەگرن
سەوسەن سەید
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
رەنگە ئەم کارە بۆ هاندەرانی تۆپی پێ زیاتر لە خەونێک بچێت، بەڵام بۆ دوو گەنجی ئەمریکی بووەتە واقیع و کارێکی راستەقینە، کاتێک لە بەرانبەر سەیرکردنی سەرجەم یارییەکانی مۆندیالی2026دا، بڕی 50 هەزار دۆلاریان پێدەدرێت.
ئۆستن فرانکلین (29 ساڵ) و کیڤن ئەکۆتۆ (26 ساڵ) ئەرکەکەیان لە ناو ستۆدیۆیەکی شوشەیی کاتییەوە لە دڵی گۆڕەپانی بەناوبانگی "تایمز سکوێر" لە شاری نیویۆرک بەڕێوەدەبەن، کە ستۆدیۆکە لە سێ لاوە کراوەیە و لە رێگەی دوو شاشەی گەورەی 85 ئینچییەوە چاودێری یارییەکان دەکەن، لە کاتێکدا سەدان هاندەر لە دەوریان کۆدەبنەوە.
ئەم دوو گەنجە دوای سەرکەوتنیان لە پێشبڕکێیەکدا کە لەلایەن تۆڕی میدیایی "فۆکس" رێکخرابوو، لە نێوان هەزاران پێشکەشکاردا بۆ ئەم کارە دەستنیشانکران، ئامانج لەم کارەش زیاترکردنی کێبڕکێ و کارلێکی جەماوەرییە لەگەڵ روداوە وەرزشییەکەدا.
کیڤن ئەکۆتۆ، کە لە پێناو ئەم کارەدا دەستی لە کارەکەی پێشووی کێشاوەتەوە، سەبارەت بە ئەزمونەکەی دەڵێت: رەنگە هەندێک لە یارییەکان کەمێک بێزارکەر بن و جۆش و خرۆشیان تێدا نەبێت، بەڵام لە بەرانبەردا بێگومان یاریی تری وا هەن کە بە تەواوی شایەنی سەیرکردنن.


