ئێران: ئازادین لە بەکارهێنانی پارە بلۆککراوەکانمان و رێگەش بە پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان نادەین
سەوسەن سەید
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە ئازادە لە بەکارهێنانی ئەو داراییە بلۆککراوانەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کۆتوبەندێک لەسەر شێوازی خەرجکردن یان میکانیزمەکانی بەکارهێنانیان لەئارادا نییە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ئەو داراییە بلۆککراوانەی ئێران کە ئازاد دەکرێن، لەژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی خۆماندا دەبن و هیچ سنووردارکردنێک لەو بارەیەوە بوونی نییە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێشهاتەکانی دۆسیەی دارایی سەر بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: تێگەیشتنەکان لەسەر بنەمای رێزگرتن و پابەندبوون بە واقیعەکان داڕێژراون، و هەر قسەکردنێکی خۆبەزلزانانە دەبێتە هۆی تێکدانی رێڕەوی رێککەوتنەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ دیدارێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە سویسرا ئەنجام نەداوە، و هیچ پلانێکیش لەئارادا نییە بۆ پشکنینی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی کە پێشتر بۆردومان کراون.
ئەم لێدوانانەی تاران لە کاتێکدا دێن کە ناوچەکە و جیهان شاهیدی جموجۆڵێکی دیپلۆماسی خێران لەسەر چەندین دۆسیەی دارایی و سیاسی، لە کاتێکدا چاوەڕوانییەکان بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران و لێکەوتە ئابوورییەکانی بەردەوامن.



