لە روداوێکی هاتوچۆدا لە رانیە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی تریش برینداربوون.

نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە بۆ کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی تریش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سەختە و رەوشی تەندروستی ناجێگیرە.

خالید ئەحمەد پەیامنێری کوردسات نیوز لە شوێنی روداوەکەوە رایگەیاند، لە سەعات 10 ئەم بەیانییە ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای دەربەند – قوڕەگۆ کە شەش سەرنشینی تێدابووە، توشی روداوی هاتوچۆی لە جۆری وەڕگەڕان بووە.

وتیشی، تیمەکانی هاتوچۆ لە شوێنی روداوەکەن و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە.

لەلای خۆشیەوە، عەلی عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی ئیدارەی راپەڕین، ئۆتۆمبێلەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سێ کەسەی گیانیان لەدەستداوە، دایکێک و دوو منداڵن و یەکێکی تریش باری تەندروستی ناجێگیرە.